پێدرام ڕۆشن، فیزیک زانی بەهایی: لە قەدەغەی خوێندن لە ئێرانەوە تا سەر بەرگی گۆڤاری ساینس

Published by IranWire Kurdish

“پێدرام ڕۆشن”، بیرمەندی گەنجی فیزیکی کوانتۆم و لێکۆڵەری “کۆمپانیای گوگل” کە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی گروپەکەی لە گۆڤاری بەناوبانگی ساینس دا بڵاو کراوەتەوە و نزیکەی ٢٠ ساڵە لە ئێران نەماوە.

خۆی دەڵێت بیرەوەرییەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڵێلتر دەبن بەڵام هێشتا کاتێک بیر لە فیزیک دەکاتەوە و باشترین پێناسەیەک کە بۆ زانست فێری بووە لە ئێران دەستی کەوتووە.

لەم ساڵانەدا لای باشترین مامۆستاکانی فیزیک لە ئەمریکا و جیهان وانەی خوێندووە و “دکتۆرا”ی لە زانکۆی پرینستۆن وەرگرتووە، بەڵام هێشتا باشترین پێناسەی فیزیک لە زهنیدا هی بەڕێز “دێهقان”ە، مامۆستای فیزیکەکەی لە خوێندگای “٢٩ی ئابان” لە شاری ساری.

پێدرام ڕۆشن لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا لە ماڵەکەیەوە لە شاری “سانتا باربارا” لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت: “ئەوسا هەمووان لە ئێران دەیانوت کە فیزیک وانەیەکی قورسە بەڵام کەس نەیدەوت کە لە بنەڕەتدا ئەو زانستە چییە. بەڕێز دێهقان باشترین پێناسەی بۆ کردم. وتی کە پێشینیان کاتێک دەیانویست بزنەکێوییەک ڕاوبکەن، ڕاستەوخۆ بە ئامانجیان نەدەگرت، بەڵکو تۆزێک پێشتریان بە ئامانج دەگرت بۆ ئەوەی لە جووڵانی بزنەکێوییەکەشیان ڕەچاوکردبێت. ئەوە هەمان چەمکی “خێرایی نیسبی”ە.”

پێدرام بە مێرمنداڵی ئەوەندە شەیدای فیزیک بوو کە بەدووای ئەو زانستە کەوت کە هەمووان دەیانوت قورسە فێربوونەکەی. ساڵەکانی ٧٠ کان بووە و ئەوسا کەس ئینتێرنێتی نەبوو. بۆیە لەڕێگەی کتێبە کۆنەکەیەوە بەدوواداچوونی بۆ فیزیک دەکرد.

ڕۆژی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٩، پێدرام ڕۆشن گەیشتە گەورەترین دەستکەوتی لە هەموو تەمەنی پرۆفیشناڵیدا. گروپی “ژیریی دەستکردی کوانتۆمی” کۆمپانیای گوگل کە پێدرامیش ئەندامێکییەتی، وتارێکی بڵاوکردەوە کە بوو بە یەکەم بابەتی گۆڤاری بەناوبانگی ساینس و وێنەکەشی لەسەر بەرگەکە درا.

پێدرام ساڵی ڕابردووش لە بوارێکی دیکە دا سەرکەوتبوو، بەشداریی پرۆژەیەکی کردبوو بۆ دروستکردنی کۆمپیوتێری کوانتۆمی کۆمپانیای گوگل. خۆی دەڵێت “ڕێکبوونی حسابەکان ئەم جارە لە بەرزترین ئاستیدایە”.

دکتۆر ڕۆشن هەوڵ دەدات جیهانە ئاڵۆزەکەی کارەکەی بۆ من شرۆڤە بکات. دەڵێت کە کۆمپیوتێرە کوانتۆمییەکان لە بنەڕەتەوە جیاوازن لەگەڵ کۆمپویتێرە کلاسیکەکان.

دەڵێت: “پرۆسێسۆرە کوانتۆمەکان هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندان. نایشارمەوە کە ئەو کارەی ئێستا بە کۆمپیوتێرە کوانتۆمییەکان ئەنجام دەدرێت بە کۆمپیوتێرە کلاسیکەکانیش ئەنجام دەدرێت. بەڵام لەم دوواییانەدا هەنگاوی زۆر گەورەمان ناوە”.

بێبەشبوون لە خوێندن لە ئێڕان و خوێندن لە ئەمریکا

پێدرام ڕۆشن تەمەنی ٤٢ ساڵە و ئارەزووی زۆر گەورەی هەیە بۆ داهاتووەکەی. بەڵام ئەو بیرمەندە ئەگەر لە ئێران دەمایەوە نەیدەتوانی لە هیچ زانکۆیەکدا بخوێنێت چ جای ئەوەی ناوی بچێتە سەر بەرگی گۆڤاری ساینس.

بێبەشبوونی لە خوێندن هۆکاێکی زۆر ئاسایی هەیە، پێدرام بەهاییە. بەهاییەکان لە ئێراندا بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی بۆیان نییە لە زانکۆکاندا بخوێنن.

پێدرام لە پارێزگای مازەندەران گەورە بووە و لە دایک بووە، باوکی یەک بووە لە بەهاییە ناسراوەکانی ئەو پارێزگایە و ئەوەش وایکرد کە بنەماڵەکەی زیاتر فشار بخرێتە سەریان. بۆیە سەردەمی منداڵییەکەی لە شاری جیاواز تێپەڕبووە.

چیرۆکی ژیانی پێدرام و بنەماڵەکەی پێشتر لە ئێران وایەردا بڵاوکراوەتەوە. پێدرام پاش بێبەشبوون لە خوێندن چووە “دامەزراوی خوێندنی باڵای بەهاییەکان” و لەوێ بەردەوامیی بە خوێندن دا. ئەو دامەزراوە لە ساڵی ١٩٨٧دا دامەزراوە، لەڕاستیدا جۆرێکە لە زانکۆی ژێرزەمینی بۆ ئەو خوێندکارە بەهاییانەی لە خوێندن بێبەش دەکرێن. ئەو دامەزراوە لە سەرەتاوە تا ئێستا لەگەڵ زانکۆی زۆر گەورەی جیهان هاوکاریی هەبووە و ئێستا زۆربەی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان بە ڕەسمی و ڕەوای دەزانن.

پێدرام لە ساڵی ٢٠٠١ دا چووە ئەمریکا. سەرەتا چووە زانکۆی “پیتزبورگ” و پاشان بۆ زانکۆی پرینستۆن و هەر لەو زانکۆیەش تا دکتۆرای خوێند، پاشان چووە کاری تاقیکردنەوە لە “زانکۆی کالیفۆرنیا” لە شاری سانتاباربارا. لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمپانیای گوگل چەند لێکۆڵەرێکی بۆ پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوە هەڵبژارد و کاری دەستپێکرد. ئەو پرۆژەیە تا ئەمڕۆ بەردەوامیی هەیە و نزیکە ٧٠ بۆ ٨٠ کەس تێیدا بەشدارن.

سەرەڕای ئەوەی لە خوێندن بێبەشکراوە و ناچاربووە بە کۆچکردن لە ئێران، ئەو بیرمەندە لەبارەی وڵاتەکەیەوە دەڵێت: “کە ناوی ئێران دێت، بیری مامۆستاکان، هاوڕێکانم و بیرەوەرییە باشەکانم دەکەومەوە”. ئەڵبەتە ئەو هاوڕێیانەش لە ئێستادا لە هەموو جیهاندا بڵاون، لە ئۆسترالیاوە هەتا کەنادا.

زیادیش دەکات: “ئەڵبەتە ئەو نادادوەرییەی دەرحەق بەهاییەکان ئەنجام دەدرێت هەرگیز کۆتایی نەهاتووە و کەم نەبووەتەوە”.

چیرۆکی پێدرام ڕۆشن یەک لەو نموونە بەرچاوانەیە کە “ئێران وایەر” ماوەیەکە لە پرۆژەیەکدا بەناوی “نرخی جیاکاری” ناوی دەبات و کاری بۆ دەکات. لەو پرۆژەیەدا هەوڵ دەدرێت باس لەوە بکرێت کە چۆن مرۆڤی بەبەهرەی وەک پێدرام بێبەش دەکرێن لە دەرفەتەکان.

پێدرام ڕۆشن دەڵێت ئەگەر ئێران دەیەوێت کە لە زانستی فیزیکدا پێش بکەوێت دەبێت کۆتایی بە بێبەشکردنەکان بهێنێت و کولتوری لێکۆڵینەوە لە هەموو بوارەکاندا پێک بهێندرێت.

ئەڵبەتە جەختیش دەکاتەوە ئاستی بەهرە و کارامەیی کاری بیرمەندە ئێرانییەکان بەەراورد بە وڵاتانی دراوسێ زۆر بەرزترە.

دکتۆر ڕۆشن دەڵێت کە ئەو ئاستە پیشانی دەدات کە تامەزرۆیی بۆ زانست هەیە لە ئێراندا. باس لە هەمان تامەزرۆیی دەکات کە وایکرد لە خوێندگایەکی سارییەوە بگاتە سەر بەرگی گۆڤاری ساینس لە ئەمریکا.

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *